13 . جۆزەردان . 2726
سەرەکیبابەتراپۆرتوتارفرۆشگاهاوپۆل0پێوەندیفۆرمی ئەندامێتیپەیوەندی

٨ی مارس ٢٠٢٥

٨ی مارس ٢٠٢٥
19 . گوڵان . 2726

٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ساتەوەختێکی مێژووییە بۆ بەرزڕاگرتنی خەبات، بەرەنگاری و دەستکەوتەکانی ژنان. ئەم ڕۆژە بیرخستنەوەی ئەو دەستکەوتە پڕبایەخانەیە کە بە خوێن، ماندووبوون و قوربانیدان بەدەست هاتوون؛ هاوکات ئاماژەیەکی ڕوونیشە بۆ ئەو بەربەستە قورس و بەردەوامانەی کە هێشتا لە بەردەم بەدیهاتنی یەکسانییەکی ڕاستەقینەی جێندەریدا ماون.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا، جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەری و گشتگیری، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن، نەتەوە، پێگەی کۆمەڵایەتی یان جوگرافیا، لە ژێر چەتری مافە مرۆییەکاندا بۆتە پێویستییەکی حەتمی. هەر بۆیە، ئامانجی ئەمساڵ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی حکومەت، دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیانە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە تێیدا ژنان و کچان نەک هەر بپارێزرێن، بەڵکوو بتوانن بە ئازادی، کەرامەت و یەکسانی گەشە بکەن. یەکسانیی جێندەری ئیمتیاز نییە؛ بەڵکوو مافێکی بنەڕەتییە کە دەبێت بۆ هەمووان مسۆگەر بکرێت.
سەرەڕای پێشکەوتنە جیهانییەکان، یەکسانی هێشتا وەک شەڕێکی تەواونەکراو ماوەتەوە. توندوتیژیی سێکسی و جێندەری، هەڵاواردن لە شوێنی کار، نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، کەمبوونی نوێنەرایەتیی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا و پەراوێزخستنیان لە بڕیاردان، هێشتا لە گرنگترین بەربەست و برینە کۆنەکانی ژنانن. بەڵام ئەم ڕاستییە لە کوردستان ڕەهەندێکی کارەساتبارتر دەگرێتە خۆ؛ خاکێک کە لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەردا دابەش کراوە.
لە کوردستان، تێکۆشان بۆ مافی ژنان لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی تێکەڵ بووە. کوردبوون و بەرگریکردن لە ئازادی، دیموکراسی، ناسنامە و مافە بنەڕەتییەکان، لە لایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانەوە وەک تاوان دەبینرێت. ژنانی چالاکوان تەنیا لەسەر داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان ڕووبەڕووی زیندان، ئەشکەنجە و پەتی سێدارە دەبنەوە. لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دروشمی «بۆ هەموو ژنان و کچان: ماف، یەکسانی و سەربەخۆیی» بەرز دەکاتەوە، ئەم دروشمە بۆ ژنانی کورد لە ژێر سێبەری سێدارە، زیندان و سەرکوتدا، زۆرجار وەک خەونێکی دوور دەردەکەوێت.
ژنانی کورد یەکەمین قوربانییەکانی کۆلۆنیالیزم، داگیرکاری، کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێن. لەم مێژووە پڕ لە ئازارەدا، جەستەی ژن زۆرجار وەک چەکی جەنگ بەکار هێنراوە بۆ شکاندنی کەرامەتی نەتەوەیی، زەلیلکردنی کۆمەڵگە و ژێردەستەکردنی گەلانی داگیرکراو. ژنانی ئێمە لە نێوان دوو بەرداشی ستەمدان: لە لایەکەوە سەرکوتی دڕندانەی داگیرکەر، و لە لایەکی دیکەوە هەژموونی پیاوسالاری لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا.
بەڵام ئەم ستەمە هەرگیز نەبووەتە هۆی پاشەکشە. ژنانی کوردستان هەمیشە لە ناوەندی بزووتنەوەی خۆڕاگریدا بوون؛ وەک پێشمەرگە، چالاکوان، ڕۆشنبیر، پێشەنگ و پشتیوانی لۆجستیکی، مێژوویەکی پڕ لە شانازییان تۆمار کردووە. هەرچەندە زۆرجار لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا پەراوێز خراون، بەشدارییەکانیان بنەمایەکی گرنگی خەباتی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و فێمینیستی بووە.
داگیرکاری و چەوساندنەوەی ژنان بە قووڵی بەیەکەوە پەیوەستن؛ چونکە هەردووکیان لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردن، توندوتیژی، پەراوێزخستن و هەژموونی کلتوورییەوە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. تێگەیشتن لەم پەیوەندییە ئەوە نیشان دەدات کە خەبات دژی کۆلۆنیالیزم و خەبات دژی ستەمی جێندەری لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. ئەمەش بنەمای ڕێبازێکی فێمینیستیی هاوچەرخ و ئینتێرسێکشنالە؛ ڕێبازێک کە هەموو ڕەهەندەکانی ستەم، لە نەتەوە و ڕەگەزەوە تا جێندەر، چین، زمان و جوگرافیا، لەبەرچاو دەگرێت.
هەر بۆیە، لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا، ناوی ژنانی وەک وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەبنە سیمبولی ئەو بەرگرییە. ئەوان تەنیا بەهۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مرۆیی خۆیان، و بەهۆی داواکاریی ماف، دادپەروەری و ئازادی، لە ژێر حوکمی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی حوکمە نادادپەروەرکەیان دەکەن. ئەوان دەنگی ئەو ژنانەن کە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان دەیانەوێت بێدەنگیان بکەن. هاوکات، لە باکووری کوردستان، شاهیدی هێرشی دڕندانەی پۆلیسی تورکیا بۆ سەر ژنان و لادانی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانین؛ ئەو سەرۆک شارەوانیانەی بە دەنگی گەل هەڵبژێردرابوون، بەڵام بە بڕیاری دەسەڵات لە شوێنیاندا کەسانی دیاریکراو دانران. ئەمە تەنها سەرکوتی ژنان نییە، بەڵکوو بەشێکە لە زنجیرەی سڕینەوەی ئیرادەی گەلی کورد، هەڵوەشاندنەوەی دیموکراسی و بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی بۆ ئازادی و دادپەروەری هەوڵدەدەن.
ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم سەرکوتکارییانە دەکەین. ٨ی مارس نابێت تەنیا ڕۆژی ئاهەنگگێڕان بێت؛ بەڵکوو دەبێت ببێتە ڕۆژی هاودەنگیی نێودەوڵەتی دژی ئەو نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر ژنانی کورد و سەرجەم ژنانی ژێردەستەی جیهان ئەنجام دەدرێت. تا یەک ژن لە ژێر چەوسانەوە، سەرکوت، زیندان یان هەڕەشەی سێدارەدا بێت، ئازادیی جیهان ناتەواوە.
با پێکەوە دەنگیان بین، سنوورەکان ببەزێنین، و خەبات بۆ جیهانێک بکەین کە تێیدا هیچ مروڤێک لەبەر ناسنامە، نەتەوە، جێندەر، باوەڕ یان داواکاریی مافەکانی سەرکوت نەکرێت.